سەرۆکی حکومەت پەیامێکی پیرۆزبایی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا پێگەیشت
دەمەوێت سوپاستان بكەم كە دوابەدوای كارەساتی بوومەلەرزە ئازاربەخشەكەی وڵاتەكەمان، لە نزیكەوە هەموو هێمای ئەو هەستە بەرزانەی نەورۆزتان بۆ ئێمە دەربڕی
ئەمڕۆ دووشەممە 3/20، مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا، پەیامێكی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد.
لە پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی توركیادا هاتووە: “ بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، دۆستی قەدرگرانم، لەگەڵ ژیانەوەی سروشت، لە ناخی هەستەكانمەوە، پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزت لێ دەكەم، كە هۆكارێكە بۆ سەوزكردنی هیواكانمان و پتەوكردنی برایەتیی نێوانمان.”
وەزیری دەرەوەی توركیا، هەروەها دەڵێ : “نەورۆز بە درێژایی مێژوو، رەنگدانەوەی مرۆڤەكان بووە بۆ تێگەیشتنیان لە ژیان لەگەڵ سروشتدا، لەگەڵ ئەوەی سیمبۆلی دووبارە نوێبوونەوە و ژیانەوەیە، لە هەمانكاتیشدا سیمبۆلی هاودەنگی و خۆشبەختیە، ئێمە سەرقاڵی سارێژكردنی بریندارەكانی كارەساتی بوومەلەرزەین كە چەقەكەی شاری كەهرەمان مەراش بوو لە شەشی شوباتی 2023، بۆیە لە وڵاتەكەمان بە خەمناكییەوە پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەكەین.”
لە درێژەی پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی توركیادا هاتووە: “ئەو رۆژەی وەكو موژدەبەخشی بەهار پیرۆز دەكرێت، لە هەمانكاتیشدا ساتی پتەوكردنی هەستی یەكبوون و پێكەوەیی و هاوسۆزییە، جگە لەوەی دەمەوێت سوپاستان بكەم كە دوابەدوای كارەساتی بوومەلەرزە ئازاربەخشەكەی وڵاتەكەمان، لە نزیكەوە هەموو هێمای ئەو هەستە بەرزانەی نەورۆزتان بۆ ئێمە دەربڕی.”
وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆتاییشدا دەڵێ: “بەم بۆنەیەوە، هیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانیی بۆ وڵاتەكەمان و گشت جیهان دەخوازم، هیوای تەندروستیی باش و خۆشبەختی و سەلامەتی بۆ كەسایەتی بەڕێزتان و خەڵكی هەرێمی دۆستمان دەخوازم.”