KRG AUSTRALIA

بەنداوی دوین لە پارێزگای هەولێر بە توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەترسێجا ئاو دروست دەكرێت

بەنداوی-دوین-لە-پارێزگای-هەولێر-بە-توانای-گلدانەوەی-100-ملیۆن-مەترسێجا-ئاو-دروست-دەكرێت

بەنداوی دوین لە پارێزگای هەولێر بە توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەترسێجا ئاو دروست دەكرێت

ڕۆژی دووشەممە (16 ی ئەیلوولی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی بەنداوی دوین ـی لە پارێزگای هەولێر دانا.
بەنداوی دوین، توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەترسێجا ئاوی دەبێت، بە شێوازی كۆنكرێتیی ئاڕ سی سی دروست دەكرێت، 75 مەتر بەرز و 320 مەتر درێژ دەبێت.
بەنداوەكە جگە لە پەرەپێدانی سامانی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و كشتوكاڵ، دیمەنێكی جوان بە ناوچەی گەشتیاریی دوین دەبەخشێت و جووڵەی گەشتیاریی ناوچەكە زیاد دەكات.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دانانی بەردی بناغەی بەنداوی دوین، ئاماژەی بەوە دا: “لایەنەكانم ڕاسپاردووە، جگە لە تەواوكردنی بەنداوەكە، ناوچە شوێنەوارییەكەش نۆژەن بكرێتەوە و ئەو جوتیارانەی زەوییەكانیان بەر بەنداوەكە دەكەوێت، قەرەبوو بكرێنەوە”.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دا: “ئەو پلانە ستراتیجییانەی لە بواری بەنداو و ئاودا گرتوومانەتە بەر، بۆ ئاییندە زۆر سوودبەخش دەبن، كە گرنگترینیان بەگژداچوونەوەی وشكەساڵی و كەمئاوییە”.
ناوچەی شوێنەواریی دوین، 40 كیلۆمەتر لە باكووری شاری هه‌ولێرەوە دوورە، دەكەوێتە سەر ده‌ربه‌ندی كۆڕێ؛ مێژووی قه‌ڵای دوین‌‌ دەچێتەوە سەدەی شانزەیەمی زایینی.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بایەخێكی كەموێنەی بە پرۆژەكانی بەنداو و پۆند داوە، كە سوودی زۆریان بە ئاودێری و كشتوكاڵ و گەشتیاری و ئاوی ژێرزەوی دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

error: Content is protected !!
Scroll to Top