KRG AUSTRALIA

ئەنجومەنی وەزیران گشت وەزارەتەكانی بۆ پشتیوانیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕاسپارد

ئەنجومەنی-وەزیران-گشت-وەزارەتەكانی-بۆ-پشتیوانیكردنی-پرۆسەی-هەڵبژاردن-ڕاسپارد

ئەنجومەنی وەزیران گشت وەزارەتەكانی بۆ پشتیوانیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕاسپارد

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گشت وەزارەتەكان و دامودەزگە حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانی و هاوكاریی لۆجستیی پرۆسەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕادەسپێرێت، كە بڕیارە لە 20 ی تشرینی یەكەمی 2024 لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
لە نووسراوێكی فەرمیدا لە ڕێكەوتی 3 ی ئەیلوولی 2024، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، كە بە ئیمزای مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاراستەی گشت وەزارەتەكان كراوە، هاتووە: پشتبەست بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 127 ی خۆی لە 21 ی ئابی 2024، بە ئاماژەدان بە دواكۆبوونەوەی هاوبەشی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەكانی عێراق و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان، گشت وەزارەتەكان ئاسانكاریی لۆجستی پێشكەش بە كۆمسیۆن بكەن؛ لە پێناو سەرخستنی ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
ئەوەشی تێدا هاتووە: ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات دەكاتەوە و جەخت لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە كەشێكی ئارامدا دەكاتەوە.
لە نووسراوەكەدا، بە تایبەتی وەزارەتی پەروەردە ڕاسپێردراوە، هەفتەیەك بەر لە هەڵبژاردن، قوتابخانەكان بە مەبەستی بەكارهێنانیان بۆ پرۆسەی دەنگدان ئامادە بكات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی بینا و كەلوپەلی قوتابخانەكان.
وا بڕیارە لە ڕۆژی 20 ی تشرینی یەكەمی 2024، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆی لە پرۆسەكە ڕاگەیاندووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

error: Content is protected !!
Scroll to Top