KRG AUSTRALIA

سەرۆکی حكومەت: ئامانجمان خزمەتکردنی گەنجان و پێشخستنی تواناکانیانە

سەرۆکی-حكومەت:-ئامانجمان-خزمەتکردنی-گەنجان-و-پێشخستنی-تواناکانیانە

سەرۆکی حكومەت: ئامانجمان خزمەتکردنی گەنجان و پێشخستنی تواناکانیانە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 8/10، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە تەواوبوونی قۆناخی یەکەم و ڕاگەیاندنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی (گەشانەوە) بەڕێوە چوو.

لە گوتارێكدا كە لە ڕێوڕەسمەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت دڵخۆشیی خۆی بەو گەنجانە دەربڕی كە لە پرۆژەی (گەشانەوە) سوودمەند بوون و ئاماژەی بەوە كرد: ”حكومڕانیی تەندروست یانی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان، باشتركردنی ژیانیان، دروستكردنی هەلی كاری یەكسان بۆ هەموو هاووڵاتییەك و پشتیوانیكردن لەو كەسانەی دەیانەوێ بۆ خۆیان خاوەن كار بن یان گەشە بە كار و بزنسەكەی خۆیان بدەن.“
هەروەك ڕوونی كردەوە كە پرۆژەی (گەشانەوە) یەكێكە لەو پرۆژانەی كە لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرنگیمان پێداوە و تاكوو ئێستا بەشی یەكەمی ئەم پرۆژەیە تاقی كراوەتەوە و زۆریش سەركەوتوو بووە. پرۆژەكەش پاڵپشتیی داراییە وەكوو پایەیەكی سەرەكی بۆ گەشەی ئابووری بۆ كەرتی تایبەت لە ڕێگەی بانكە تایبەتەکانەوە کە قەرز دەدەن بە هاووڵاتی و خاوەن كاری بچووك و مامناوەند تاوەكوو بتوانن گەشە بە پڕۆژەكانیان بدەن و حكوومەتیش زەمانەت و گەرەنتیی سەركەوتنی ئەو پرۆژەیەیە و ئەو پەیوەندییەی نێوان خاوەن كار و بانك بە رێگەی ئاسانكاری و پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوەیە.
سەرۆكی حكومەت باسی لەوەش كرد كە ”لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیە دەتوانرێت ڕاستەوخۆ قەرز لە لایەن بانكەوە بە خاوەن كارەكان بدرێت بۆ پێشخستنی كارەكانیان، هەروەك باسکرا، 25 كۆمپانیا هەڵبژێردراون لە لایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵیی لۆكاڵی بە ناوی (تۆپ ماونتن) كە ئەو كۆمپانیایە هەڵسەنگاندن بۆ كاری ئەو كۆمپانیایانە دەكات و هاوكاریی راستەڕێكردنی پرۆژەكانی خاوەنكارەكان دەكات، تاكوو یارمەتییان بدات چۆن بتوانن سوودمەند بن لە پرۆژەی گەشانەوە و بتوانن لەو قەرزەی وەری دەگرن، بیخەنە خزمەتی فراوانتر و باشتركردنی جۆری كارەكانیان و دروستكردنی هەلی كاری زیاتر بۆ خەڵك و ئەوانەی دەیانەوێ لەو بوارانەدا ئیش بكەن.“
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد كە حكوومەت تا ئێستا 10 ملیۆن دۆلار پارەی وەك زەمانەت و گەرەنتی داناوە بۆ ئەوەی بانكەكان بتوانن بەشدار بن لە پێدانی قەرز بە هاووڵاتیان و تا ئێستا زیاتر لە 3 ملیارد دینار قەرز بە هاووڵاتی و خاوەنكارەكان دراوە و بەهۆیەوە بەرهەمەكانیان دوو ئەوەندە زیاتر بووە و سوودمەند بوون. گوتیشی: ”ئێمە یارمەتیی ئەو پرۆژانە دەدەین و داواكارین خەڵكێكی زیاتر بەشداریی لەم پرۆژەیە بكات و لە قۆناخی دووەم زیاتر لە 100 بزنسی تر بەشدار بن و هیوادارم بە زوویی ئەنجامەكانیان ببینین كە چەند دەتوانن هەم سوود بە خاوەن كارەكان بگەیەنێت، هەمیش ڕێگە بۆ هاووڵاتیانی تر بكاتەوە كە خۆیان لەم جۆرە پرۆژانە سوودمەند بن.“
هەر لە گوتارەكەیدا سەرۆكی حكومەت سوپاسی هەریەك لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (گەشانەوە)ی كرد و بە هۆكارێكی سەرەكی بۆ پێشخستنی پرۆژەكە باسی کردن.
هاوكات پەیامێكیشی ئاراستەی هەموو گەنجانی كوردستان كرد و گوتی: ”ئێمە مەبەستمانە خزمەتی گەنج بكەین و توانای گەنج بخەینە خزمەتی وڵاتەكەمان، هیوادارم خۆشیان ئارەزووی ئەوەیان هەبێ بیر لە ئەوە بكەنەوە چۆن خزمەتی گەل و وڵاتەكەیان بكەن، چۆن زیاتر خزمەتی خۆیان و هاووڵاتیان و دۆست و كەسوكاریان بكەن؟ حكوومەت ئامادەیە بە پشتیوانیكردن لەم جۆرە پرۆژانە، هەلی كاری یەكسان بۆ هەمووتان بڕەخسێنێت، ئەوەی حەز بكا ئیش بكا، كوردستان دەتوانێت ماڵێكی فراوان بێت، بە سوود و بەرهەمدار بێت بۆ هەموو گەنجێك. هیوادارم باش بیر بكەنەوە، هەر كەسێك داوا بكات گەنجەكان روو لە هەندەران بكەن، ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، باوەڕ بكەن كەسیان خەمی سەلامەتیی ئێوەی نییە. كە ئامادە بن ئێوە وڵات بەجێ بێڵن بەس بۆ خاتری ئەوەی لە رووی سیاسییەوە سوودێك وەربگرن و رووێكی ناشرینی وڵاتی ئێمە پێشانی خەڵك بدەن و بڵێن ئێمە راستمان كرد و هاووڵاتیی كوردستانی لە كوردستان رازی نییە و پێی خۆش نییە لێرە بمێنێتەوە، من پەیامم بۆ گەنجان ئەوەیە كە بە قسەی ئەم خەڵكانە هەڵمەخەڵەتێن، كوردستان ماڵی ئێوەیە و مەجال زۆرە بۆ ئەوەی ئیشی تێدا بكەن، بەڵام دەبێ خۆتان رەغبەتتان هەبێ، ئارەزووتان هەبێ بتوانن لێرە ئیش بكەن، ئەمە نموونەیەكی سەركەوتووە كە چۆن حكوومەت دەتوانێ یارمەتیتان بكەن كە خۆتان خۆتان پێ بگەیەنن، چاوتان لەوە نەبێ كە بۆ خەڵكێكی تر ئیش بكەن، ئێوە بتوانن خەڵك دابمەزرێنن، من جارێكی تریش بەڕاستی زۆر دڵخۆشم كە دەبینم ئەم پرۆژەیە سەركەوتووە و قۆناغی یەكەمی بە سەركەوتوویی تەواو كردووە، چاوەڕێی ئەو 100 كۆمپانیا و خاوەن كارەی تریشین كە سوودمەند ببن لەم پرۆژەیە.“

error: Content is protected !!
Scroll to Top