لە 9 بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، تیمی فریاکەوتنی مەلەوانی و دەرهێنانی تەرم لە ئەرکدان
تیمەکانی فریاگوزاریی مەلەوانی و تیمی ژێرئاو، لە ٩ بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، فریای خەڵک دەکەون و بەرپرسی تیمی مەلەوانیی ڕاپەڕینیش دەڵێت: “داوا لە خەڵک دەکەین خۆیان بپارێزن و خۆیان نەخەنە مەترسییەوە”.
تیمەکانی فریاگوزاریی مەلەوانی و ژێرئاو، سەر بە بەرگریی شارستانین و لە چوارچێوەی ڕێنمایی وەزارەتی ناوخۆدا، کار بۆ ڕزگاربوونی خەڵک لە ئاوەکاندا دەکەن.
کاوە خدر، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: “تیمەکانمان دوو کار دەکەن: فریاکەوتنی خەڵک و دەرهێنانی تەرم، بەوەش چەندین کەسیان لە خنکان ڕزگار کردووە”.
مەریوان بابان، بەرپرسی تیمی مەلەوانی و ژێرئاوی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: “بەردەوام چاودێریی ئاوی دەربەندی ڕانیە دەکەین، هەر لە پشدەر تاکوو خدران و چوارقوڕنە؛ کاری ئێمە هەم ڕزگارکردنی خەڵکە، هەم دەرهێنانی تەرم؛ هەر ئەمساڵ ٨ تەرم دەرهێنراون و چەندین کەسیش لە خنکان ڕزگار کراون”
دەشڵێت: “داوا دەکەین خەڵک خۆیان لە مەلەی نایاسایی و مەترسیدار بپارێزن و باوک و دایکان ڕێگە بە منداڵەکانیان نەدەن بێنە ناو ئاوە مەترسیدارەکانەوە”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری