پارێزگاری هەڵەبجە: سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ هەڵەبجە گرنگ و پێویست بوو
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت :”سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ هەڵەبجە، گرنگ و پێویست بوو” و ئاماژە بەوەش دەکات “لە ئەنجامی ئەو سەردانەدا، چەندین پرۆژە بۆ پارێزگاکە جێبەجێ دەکرێن”.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانێکی گرنگ بوو؛ لە ئەنجامیشدا چەندین کار و پرۆژە کە خزمەت بە پارێزگای هەڵەبجە دەکات، دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە”.
دەشڵێت: ئامانجێکی سەردانەکە کردنەوەو و دانانی بەردی بناغەی پرد و ڕێگای هەڵەبجە-تووەقوت-قلیجە بوو کە تێچووەکەی زیاتر لە ۳۱ ملیار دینارە و لە ماوەی دوو ساڵ دەبێت تەواو بکرێت”.
“هەروەها لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بۆ بەقەزابوونی خورماڵ و پێکهێنانی داهاتێک بۆ ئاوەدانیی ئەم شارە؛ بۆ ئەوە چاوەڕوانین لە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەک لەلایەن وەزیری دارایی سەردانی هەڵەبجە بکات، بۆ دانانی میکانیزمێک، تاکوو ئەو دوو مەرزەی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەیە (تەوێڵە و پشتەبەمۆ)، ساڵانە بڕێکی دیاریکراو لە داهاتەکەیان بۆ شاری هەڵەبجە خەرج بکرێت”.
ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و چەندین بڕیار و پرۆژەی بۆ پێشخستنی پارێزگاکە ڕاگەیاند.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری