KRG AUSTRALIA

مانگانه‌ زیاتر له‌ 23 ملیار دینار بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان خه‌رج دەکرێت

مانگانه‌-زیاتر-له‌-23-ملیار-دینار-بۆ-دابینكردنی-خزمه‌تگوزارییه‌-ته‌ندروستییه‌كان-خه‌رج-دەکرێت

مانگانه‌ زیاتر له‌ 23 ملیار دینار بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان خه‌رج دەکرێت

كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای فشاره‌ داراییه‌كان و بەربەستە داراییه‌كانی به‌غدا، مانگانه‌ زیاتر له‌ 23 ملیار دینار بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندرووستییه‌كان بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج ده‌كات.

كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ خه‌می ژیانی خه‌ڵكدایه‌

له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه‌، ڕاده‌ی گرنگیدان و بایه‌خی ته‌ندروستیی هاووڵاتییان له‌ ڕوانگه‌ی ستراتیژانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وت، به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌روبه‌ندی ده‌ركه‌وتنی په‌تای كۆرۆنادا.

له‌ ده‌ستپێكی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ به‌ جیهاندا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێداگیری كرد له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی تەندروستی، كە پاراستنی گیان و ژیانی هاووڵاتییان لە پێشینەی هەموو بڕیارێك بێت.

تاقیكردنه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌

هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئاستی خۆپارێزی و پێشكه‌شكردنی چاره‌سه‌ر و دابینكردنی ده‌رمان و پێداویستییه‌كان تا ده‌گاته‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ دابینكردنی باشترین جۆری ڤاكسین و ده‌ستبه‌ركردنی بۆ هاووڵاتییان ده‌ستكه‌وتگه‌لێكی ته‌ندروستین، كه‌ نه‌ك له‌ ئاستی ناوخۆ، به‌ڵكوو له‌ ئاستی جیهانیشدا، ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی به‌ جێی بایه‌خ و گرنگ وه‌سفی كردن.

سه‌ره‌ڕای سه‌ختییه‌كانی باری دارایی و فشار و بەربەستە داراییه‌كانی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كه‌ خۆیان له‌ نه‌ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی ئیتیحادی و دابیننه‌كردنی ده‌رمانی پێویست بۆ نه‌خۆشخانه‌كان ده‌بینییه‌وه‌، به‌ڵام كابینه‌كه‌ توانی هه‌رێمی كوردستان به‌ كه‌مترین زیان له‌ قۆناغی كۆرۆنا ده‌رباز بكات و به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش كار بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندرووستییه‌ هه‌مەلایه‌نه‌كان بۆ هاووڵاتییان بكات.

له‌ ده‌ستپێكی كابینه‌كه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كان، داتاكانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژه‌ی ئه‌رێنی بۆ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی كه‌رتی ته‌ندروستیی هه‌رێم ده‌كه‌ن.

كه‌رتی گشتیی بۆ هه‌مووانه‌

به‌ گوێره‌ی داتای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، 135 نه‌خۆشخانه‌ی گشتی، كه‌ به‌شێكیان تایبه‌تن به‌ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان و تایبه‌تمه‌ندییان له‌ چاره‌سه‌ری جۆره‌كانی نه‌خۆشی هه‌یه‌، خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی به‌ به‌رده‌وامی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

له‌و ژماره‌یه‌ 83 نه‌خۆشخانه‌یان حكومیین و له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ خه‌رجییه‌كانیان دابین ده‌كرێت و خزمه‌تگوزارییه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانیان له‌ بواری ته‌ندروستی، بێ به‌رانبه‌ر یاخود به‌ نرخێكی پاڵپشتیكراو پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ن.

هاوكات كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەكان، پشتیوانیی گەشەكردن و پێشكەوتنی كەرتی تایبەت له‌ بواری ته‌ندروستییدا دەكات و لەو چوارچێوەیەدا، ئەو كەرتە گەشەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و 52 نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی له‌ پسپۆڕی و بواری جۆراوجۆر خزمه‌تگوزاریی پێویست پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ن.

خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیشه‌

له‌ ڕووی كوالێتیی چاره‌سه‌ر و ئامێره‌وه‌، نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌رتی گشتیی و تایبه‌ت پێشكه‌وتنی به‌رچاویان به‌ خۆوه‌ بینیوه‌ و بوونه‌ته‌ ناوه‌ندێكی ته‌ندرووستیی گرنگ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری،نه‌ك ته‌نیا بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكوو له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر هاووڵاتیان ڕوویان تێده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا، به‌غدا وه‌ك پێویست به‌رپرسیارێتیی خۆی له‌ دابینكردنی ده‌رمان و كه‌رسته‌ و ئامێری پزیشكی بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕانه‌په‌ڕاندووه‌، هه‌رچه‌نده‌ نه‌خۆشخانه‌كان خزمه‌تگوزاریی ته‌ندرووستییان پێشكه‌ش به‌ ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ری شاره‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق و سووریا كردووه‌.

گونده‌كان پشتگوێ نه‌خراون

جگه‌ له‌ نه‌خۆشخانه گه‌وره‌كان، له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان و له‌ گه‌ڕه‌ك و قه‌زا و ناحیه‌ و گونده‌ دووره‌ ده‌سته‌كانیش،بنكه‌ی ته‌ندروستی بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان كراونه‌ته‌وه‌ و كۆی گشتیی 1047 بنكه‌ی ته‌ندروستی ڕۆژانه‌ له‌ دوو دانی جیاوازدا خزمه‌تگوزارییته‌ندروستی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

به‌شێكی به‌رچاو له‌ بنكه‌كان تاقیگه‌ و ئامێره‌كانی تیشك و سۆنار و دابینكردنی پزیشكی پسپۆڕ و ده‌رمانخانه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه‌ و بێبه‌رانبه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندرووستییه‌كان پێشكه‌شی هاووڵاتیان ده‌كه‌ن.

به‌ گوێره‌ی دابه‌شبوونی جوگرافی، زۆرینه‌ی بنكه‌كان به‌ ڕێژه‌ی (41%) ده‌كه‌ونه‌ گوند و ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار و قه‌زا و ناحییه‌كان، هه‌روه‌ها (32%)یان ده‌كه‌ونه‌ سه‌نته‌ری قه‌زاكان و (11%)یان له‌ سنووری ناحییه‌كاندان و ته‌نیا (16%)یان له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كانن.

توانای مرۆیی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستیدا

له‌ ڕووی توانای مرۆییه‌وه‌ ٧ هه‌زار و 871 پزیشك و 22 هه‌زار و 147 په‌رستار هه‌ن، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ ڕه‌گه‌زی مێن و له‌ كه‌رتی ته‌ندروستییدا خزمه‌ت ده‌كه‌ن.

له‌ ڕووی قه‌باره‌ی له‌ خۆگرتنی نه‌خۆش، له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ گشتی 11 هه‌زار و 147 قه‌ره‌وێڵه‌ هه‌ن. له‌و ژماره‌یه‌ 8 هه‌زار و 179 قه‌ره‌وێڵه‌یان له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كاندان و 2 هه‌زار و 968 قه‌ره‌وێڵه‌یان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌رتی تایبه‌تدان.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی داتای وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مانگانه‌ بڕی 23 ملیار و 450 ملیۆن و 236 هه‌زار و 290 دینار له‌ كه‌رتی ته‌ندروستیدا خه‌رج ده‌كات.

 

فەرمانگەى میدیا و زانیاری

error: Content is protected !!
Scroll to Top