ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە.
تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتە پەیوەندیدارەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان.
لە تەوەری دووەمدا، باس لە ڕەشنووسی ئەو پرۆژەیاسا و پەیڕەوانە دەکرێت کە تاکوو ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەکراوە.
تەوەری سێیەم تایبەت دەبێت بە بابەتی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
لە تەوەری چوارەم و کۆتاییدا، بابەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەلایەن هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخرێنە ڕوو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری