پێنجەمن كۆڕبەندی مێپس لە زانكۆی ئەمەریكی – كوردستان لە شاری دهۆك بەڕێوە چوو
ئەمڕۆ هەینی 11/22، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی و توێژەر و لێکۆڵەر لە باکووری ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێنجەمین کۆڕبەندی MEPS24 لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوە چوو.
لە كۆڕبەندەكەدا مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا هیوای خواست بتواندرێت ساڵانە درێژە بە كۆڕبەندەكە بدرێت و گفتوگۆكانی نێو كۆڕبەندەكەش بخرێنە بەردەست بڕیاربەدەستان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە.
ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
رابەر و پێشەوامان جەنابی سەرۆك بارزانی
بەڕێز دكتۆر لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ
بەڕێز مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی حكوومەتی فیدڕاڵ
بەڕێزان، سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری توركیا ئەحمەد داودئۆغلوو
بەڕێز سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری عێراقی فیدڕاڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی
دیپلۆماتكارانی بەڕێز
ئەكادیمییانی بەڕێز
مێوانانی هێژا و قەدرگران
لە هەر كوێ هاتوون بەخێربێن سەر سەر و سەرچاومان، سەربەرزین بە ئامادەبوونتان لەم كۆڕبەندەی پێنجەمی (MEPS) لە زانكۆی ئەمریكی لە شاری جوانی دهۆك. هیوادارم ئەم دوو ڕۆژە كە ئەم كۆڕبەندە لێرە ئەنجام دەدرێ، هەموو بۆچوونەكان و ئەو بڕیارانەی لەم كۆڕبەندەدا دروست دەكرێن و قسەیان لەسەر دەكرێ، بخرێنە بەردەست بڕیاربەدەستان لە هەرێمی كوردستان، لە عێراق، لە ناوچەكە، سوود و مفای لێ وەربگرن.
ئەمە پێنجەمین جارە كە ئەم كۆڕبەندە لە شاری دهۆك لە ڕێگەی زانكۆی ئەمەریکی دروست دەكرێ، من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم كۆڕبەندە دەكەم، هیوادارم ساڵ بە ساڵ بتوانین ئەم كۆڕبەندە درێژە پێ بدەین و باشتریشی بكەین.
جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە زانكۆی ئەمریكیش بكەم، هەم بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆڕبەندە، هەم بۆ ئەوەی كە لە كەمتر لە 10 ساڵدا ، دەستكەوتێكی نێودەوڵەتیش بەدەست بهێنێت، ئەویش بووەتە بەربژێر بۆ ئەوەی كە (accreditation neche) وەربگرێت. ئێستا بەربژێرە و ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ئەم زانكۆیە كە ئێستا تەمەنی تەنیا 10 ساڵە.
جێی خۆیەتی هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان بكەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە چەندین كێشە و گرفتدا تێپەڕ دەكات، هیوادارم ئەم كۆڕبەندە و ئەنجامەكانی ئەم كۆڕبەندە لە خزمەتی هەموو خەڵكی عێراقدا بن و ئێمەش بتوانین سوودیان لێ وەربگرین.