نزیکەی ٧٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە
لە ڕۆژانی پشووى جەژنی قوربان، نزیکەى ٦٨٩ هەزار و ٨٨٩ گەشتیار، سەردانی شار و سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
دەستەى گەشتوگوزار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە: “لە ماوەی ٦ ڕۆژدا (٢٦ى حوزەیران تاکوو ١ى تەممووزی ٢٠٢٣)، ٦٨٩ هەزار و ٨٨٩ گەشتیار لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، کە پێک دێن لە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باشوور و ناوەڕاستی عێراق و دەرەوەی عێراق”.
بۆ ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان، دەستەی گەشتوگوزار بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و کەرتی تایبەت، ئامادەکاریی تەواوی بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی شارستانییانە کرد و هەموو هەوڵەکانی خۆیشی بۆ ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ گەشتیاران گرتە بەر؛ پلانی پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و بێکەموکووڕی جێبەجێ کرا و هیچ ڕووداوێکی نەخوزاراو ڕووی نەدا.