KRG AUSTRALIA

سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتوان و ئاڤاهييا

سه‌رژمێريى-گشتيى-دانيشتوان-و-ئاڤاهييا

سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتوان و ئاڤاهييا

سه‌رژمێريى گشتى له‌ هه‌موو عێراق و له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ يه‌ك كاتدا جێبه‌جێ ده‌كرێت بەپێی ئەو قۆناغانەی ماون:
۱ـ پڕكردنه‌وه‌ى تۆمارى خێزان: بژمێره‌كانى سه‌رژمێرى، له‌ ڕۆژانى 17، 18، 19/11/2024، سه‌ردانى گشت شوێنه‌كان ده‌كه‌ن، له‌ شار و له‌ گوند، له‌ هه‌ر چوار پارێزگەى هه‌رێم، و هه‌موو خێزانه‌كان تۆمار ده‌كه‌ن و بۆ مه‌به‌ستى ئاسانكارى بۆ خێزانه‌كان و بۆ بژمێره‌كانيش له‌ كاتى پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمى سه‌رژمێرى چه‌ند زانيارييه‌كى سه‌ره‌تاييان لێ وه‌رده‌گيرێت، وه‌ك جۆرى بينا، ژماره‌ى خيزانه‌كانى نێو بينا، ناوى سيانيى ئه‌ندامانى خێزان، ناوى دايك و باوكى ئه‌ندامانى خێزان، په‌يوه‌نديى كه‌سه‌كان به‌ سه‌رۆكى خێزان، ڕه‌گه‌ز، مێژووى له‌دايكبوونيان.
۲ـ له‌ 20 و 21/11/2024 قه‌ده‌غه‌ى تەواوی هاتوچۆ ڕاده‌گه‌يه‌نرێت.
پێويسته‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ ماڵه‌وه‌ ‌بێت، بژمێره‌كانى سه‌رژمێرى، سه‌ردانى هه‌موو بيناكان ده‌كه‌نه‌وه‌ و دڵنيا ده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ى هيچ خێزانێك له‌بير نه‌كرابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى دواى كاتژمێر 12ی شه‌وى 21 له‌سه‌ر 22/11/2024، فۆرمى تۆمارى خێزان داده‌خرێت و هيچ خێزانێك تۆمار ناكرێت دوای ئەو کاتە.
۳ـ له‌ ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆدا دوايين گۆڕانكارييه‌كانى ئه‌ندامانى خێزان،بۆ نموونه‌ (هه‌بوونى له‌دايكبوون يان مردن) تۆمار ده‌كرێن و ئه‌و خێزانانه‌ش كه‌ پێشتر تۆمار نه‌كراون تۆمار ده‌كرێن و زانيارييه‌ سه‌ره‌تاييه‌كانيان لێ وه‌رده‌گيرێت.
٤ـ پێويسته‌ له‌م ماوه‌يه‌دا (واته‌: 17 و 18 و 19 و 20 و21 ى مانگى 11) كارتى نيشتيمانيى ئه‌ندامانى خێزان یان (ناسنامەی باری کەسێتی و هاووڵاتینامە بۆ ئەوانەی کارتی نیشتیمانییان نییە) و كۆبۆنى خۆراكى خێزان به‌رده‌ست بێت، چونكه‌ له‌كاتى سه‌ردانى بژمێر، بۆ تۆمارى زانيارييه‌كان لێيان داوا ده‌كات.
هەر ئەندامێکی خێزان لە ماڵەوە نەبێ لەو ڕۆژانە بە شێوەیەکی کاتی بە هۆی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بەتایبەتی یان هەر هۆیەکی تر، پێویستە کارتی نیشتیمانی یان کۆپییەکەی ئەو کەسە هەبێ، تاکوو بنوسرێ لەگەڵ خێزانەکەی.
٥ـ دواقۆناغ له‌ 22/11/2024 بۆ ماوه‌ى چه‌ندين ڕۆژ كاره‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و ديسان سه‌ردانى خێزانه‌كان ده‌كرێته‌وه‌، بۆ مه‌به‌ستى تۆماركردنى زانيارييه‌كانى پرسيارنامه‌ى سه‌رژمێرى دواى سه‌ردانی گشت خێزانه‌كان، كارى مه‌يدانيى سه‌رژمێرى كۆتايى پێ دێت.
٦ـ زانیارییەکانی سەرژمێری نادرێ بە هیچ لایەنێک چ حکومی یان ناحکومی و بە پێی یاسا ڕێگەپێنەدراوە. بۆیە، هاوکارییی هاووڵاتییان بۆ تیمەکانی سەرژمێری، سوودی بۆ خۆیان دەبێ بە پلەی یەکەم، چونکە لە ئەنجامدا حکومەت دەتوانێت زیاتر خزمەت بگەیەنێت بە پشتبەستن بە داتای ورد.
۷ـ سەبارەت بە سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتیی دیوان ژ ٥٩٨٨ لە ١٤/١١/٢٠٢٤، نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە ٣٤١٦٠ لە ١٤/١١/٢٠٢٤ و فەرمانی وەزاریی وەزارەتی پەروەردە ژمارە ٣٦٤ لە ١٤/١١/٢٠٢٤، هەمان ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ دەکرێن و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە لەوێ سەرژمێری بکرێن.

دەستەی ئاماری هەرێم
۱٦ـ۱۱ـ۲۰۲٤

error: Content is protected !!
Scroll to Top