کەشوهەواى رۆژانى نەورۆز ڕاگەیاندرا
بەشی پێشبینی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ڕەوشی کەشوهەوای ڕۆژانی نەورۆزی ڕاگەیاند و بەپێی پێشبینییەکە، یەکەم ڕۆژی نەورۆز ئەگەری تەزرەبارین و هەورە تریشقە هەیە.
لە هەر سێ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز، کەشی ناوچەکە بەمشێوەیە دەبێت:
رۆژى دووشەممە: بەدرێژاى رۆژەکە ئاسمان نیمچەهەور و هەورى تەواو دەبێت. پێشبینى بارانبارین لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ هەیە و نمەباران بۆ بارانى مامناوەند دەبێت، پێشبینى دابارین لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و نیمچە شاخاوییەکان و سەنتەرى پارێزگاکان لەگەڵ دروستبوونى هەورە تریشقە و بارانبارین هەیە.
رۆژى سێشەممە: یەکەم ڕۆژى نەورۆز لە ئەنجامى بەردەوامى ئەو کەشە ناسەقامگیرەی کو هەیە لەسەر ناوچەکە، ئاسمان هەور دەبێت و کەمێکیش سارد دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان لە زۆربەى کاتەکان بارانبارینی کورتخایەن هەیە و بەگشتى کاتى دابارین دەکەوێتە دواى نیوەڕۆ لەسەر تەواوى ناوچەکە، لەگەڵ نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما ئەگەرى تەزرەبارین و دروستبوونى هەورە تریشقە هەیە.
ڕۆژى چوارشەممە: لە ئەگەرى دروستنەبوونى گۆڕانکارى، ناسەقامگیرى لە کەشى ناوچەکە بەردەوامى دەبێت، ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت، بە بەراورد بە رۆژانى پێشووتر، ئەگەرى بارانبارین زیاتر لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان کە ئەو کەشە ناسەقامگیرەی چەند ڕۆژی داهاتوو، شەپۆڵێکى هەورەتریشقە لەگەڵە لەکاتى بارانباران، بۆیە داوا دەکات دووربکەونەوە لە شوێنە بەرزەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، ئەمەش بۆ سەلامەتىی خۆیان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٩ـی ئاداری ٢٠٢٣