KRG AUSTRALIA

وێستگەیەکی گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤی لە کەلار دادەنرێت

وێستگەیەکی-گواستنەوەی-کارەبای-١٣٢-کەی-ڤی-لە-کەلار-دادەنرێت

وێستگەیەکی گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤی لە کەلار دادەنرێت

پرۆژەی وێستگه‌یەکی نوێی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جێبەجێ دەکرێت و چاوەڕوانیش دەکرێت گرفتی بارقورسی و کێشەى دابەشکردنی کارەبا لەو ناوچەیە چارەسەر بکات.
مەحموود کەریم ئەمین، ئەندازیار و بەرپرسی جێبەجێکاری پرۆژەکە، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “بەهۆی فراوانبوونی شار و دروستكردنی زیاتر له‌ ٨ هەزار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە پرۆژەی نوێی وێستگەى کارەبا لە کەلار کردووە؛ بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو پرۆژەکە بکەوێتە کار و سوود بە دانیشتووانی ناوچەکە بگەیەنێت.”
هەر لەمبارەیەوە، حازم کەریم حەمید، بەڕێوەبەرى گشتیی کارەباى گەرمیان، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی گوت: “پرۆژەى ١٣٢ کەی ڤیی دووەمی کەلار، ١٨ ملیار و ٣٩٠ ملیۆن دینارى تێدەچێت. وێستگەکە تواناى گۆڕینی کارەباى ١٨٩ مێگاوات دەبێت و نزیکەی ٥٠%ى کارەکانی تەواو بووە؛ ئەم پرۆژەیە بارقورسیی کارەبا لە ناوچەکەدا زۆر کەم دەکاتەوە.”
بەڕێوەبەرى گشتیی کارەباى گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو: “لە ٨ ى تشرینی یەکەمەوە، لە ئیدارەى گەرمیان، دەست بە ڕاکێشانی هێڵی کارەبا بۆ ٢٤ گوندی ناوچەکە بە گوژمەى ٣ ملیار و ٥٢١ ملیۆن دینار لەسەر بودجەى وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەباى حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.”
هەرێمی کوردستان، لەڕووى فراوانبوونی دانیشتووان و شارسازییەوە، گەشەیەکی بەردەوامی هەیە، ئەمەش خواستی گشتی لەسەر وزەى کارەبا بەرز کردووەتەوە؛ بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پێداویستییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پرۆژەى نوێی کارەبا دادەمەزرێنێت و بەکاریان دەخات.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری

error: Content is protected !!
Scroll to Top