لە کابینەی نۆیەم 157 قوتابخانە و باخچەی ساوایان دروست کراون
ساڵح حەمەئەمین، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سورسورە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: “قوتابخانەکە بە شێوەیەکی سەردەمییانە دروست کراوە، بەهۆی ئەو كەلوپەل و ئامێرانەی بۆ قوتابخانەکە دابین کراوە، دەتوانین باشترین شێوازی پەروەدەكردن پێشکەش بە قوتابییان بکەین”.
بەشێک لە قوتابییانی قوتابخەنەکەش دەڵێن: “پێشتر خراپیی بینای قوتابخانەکە، زۆری قوتابیان و نەبوونی ڕێگەوبانی باش، کێشەی بۆ دروست کردبووین، بەڵام ئێستا دەتوانین بە ئاسانی و بە سەلامەتی هاتوچۆ بکەین و بێینە قوتابخانە”.
قوتابخانەی سەرسورە ـی بنەڕەتیی تێکەڵاو، لە سەر ڕووبەری 2500 مەتر چوارگۆشە دروست كراوە، پێکهاتووە لە 9 پۆلی خوێندن، بە گوژمەی 500 هەزار دۆلار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر و UNHCR دروست كراوە.
لە سەردەمی کابینەی نۆیەم، لە تەواوی هەرێمی کوردستان، 157 قوتابخانە و باخچە دروست کراون؛ هەزار و 670 قوتابخانە و باخچە نۆژەن کراونەتەوە، 629 پۆل بۆ قوتابخانەکان دروست کراون، بەوەش چەندین قوتابخانە لە سێ دەوامییەوە کراونەتە دوو دەوامی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری