بۆ گفتوگۆى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات
لە درێژەى گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی، وا بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ى ئادارى ٢٠٢٣، شاندێکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات. گوتەبێژى حکومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت “پڕۆژەیاساى نەوت و گازی فیدراڵی کۆمەڵێک کێشە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر دەکات”.
د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەى میدیا و زانیارى و گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێگەى فەرمیی حکومەتی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساى نەوت و گازی فیدراڵی، سەردانی بەغدا دەکات. شاندەکە لە وەزیرى داد و سەرۆکی فەرمانگەى هەماهەنگی و بەدواداچوون و ستافی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کەسانی شارەزا لە وەزارەتی داد پێکدێن. ڕۆژى دووشەممە ١٣ى ئادارى ٢٠٢٣، دەست بە کۆبوونەوەکان لەسەر ڕەشنووسی یاساى نەوت و گاز دەکەن کە یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواو بکرێت”.
گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: “ئەم پڕۆژەیاسایە کۆمەڵێک گرفتی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەو بواری وزەدا چارەسەر دەکات. بۆ ئەوەى هەرێمی کوردستان وەکوو هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە دروستکردنی ئەو بڕیارانەى پەیوەستە بە پیشەسازیی نەوت لە عێراق، بەشێوەیەکی کارا بەشدار بێت، هەروەها بۆ ڕێکخستنەوەى ئەو کەرتە چ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوو لا گرنگی هەیە. بێگومان لە کۆتاییدا دەبێت ئەم پڕۆژەیە ڕەنگدانەوەى ڕێککەوتنی هەردوو لا بێت و لە قازانجی هەردوو لادا بێت. ئەوە نەک هەر بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی عێراق دەستکەوتێکی گرنگە”.
لەبارەى ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساکە، د.جوتیار عادل گوتیشی: “ڕێككه‌وتن كراوه كه هەردوو لا پێکەوە ڕه‌شنووسه‌كه بنووسن، تا ڕادده‌یه‌ك له‌سه‌ر پره‌نسیپه گشتییه‌كان ڕێككه‌وتن كراوه، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كان زۆرن، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا گفتوگۆكان به‌رده‌وام ده‌بن. ئێمه چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، ئه‌نجامی هه‌بێت؛ ئومێده‌وارین بڕوابوون به هاوبەشی و پشتبه‌ستن به ده‌ستوور و ئه‌و ڕێككه‌وتنەی له كارنامه‌ی كابینه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی هه‌یه، لەو پڕۆژەیاسایەدا ڕەنگ بداتەوە”.
لەبارەى پڕۆژە یاسای بودجەى حکومەتی فیدراڵی د.جوتیار عادل دەڵێت: “پڕۆژه‌ی یاسای بودجه دوای گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی، ئه‌وه‌ی كه پێویست بوو، وەکوو شایستە و مافی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه؛ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش کۆمەڵێک كێشه له‌نێوان هه‌ردوو لادا چاره‌سه‌ر ده‌كات؛ حكومه‌تی فیدراڵی ماوه‌یه‌ک بودجه‌ی نه‌بووه، ئه‌وه‌ش کاریگەری له‌سه‌ر ئاستی پهیوەندییهكان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هەیە كه پێویسته بۆ ده‌ستنیشانكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان پشت بە سەرژمێری ببەستێت. هه‌ندێك ئەنجام ده‌ستكه‌وتی باش بوون بۆ هه‌رێمی كوردستان، وه‌كوو هه‌ژماركردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه و پشتیوانیی هێزی پێشمه‌رگه له چوارچێوه‌ە‌ی خه‌رجی سیادی و دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە خه‌رجی حاكمه. بابه‌تی ناردنی ٤٠٠ ملیاره‌كه‌ش گرفتێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه و بەمنزیكانه ئه‌و پاره‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان دەنێردرێت”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٢ی ئاداری ٢٠٢٣